هەناسەکانی جەژن

هەناسەکانی جەژن

شیرینترین و دڵنشینترین دروشمی جەژن، نوێژەکەیەتی؛ کە لە هەموو لایەکەوە جوانیی چواردەور داوە. کاتەکەی سەرتاپا سەرسوڕمانە، چونکە خەڵکی لە کاتێکدا کۆ دەبنەوە کە پێی ڕانەهاتوون پێکەوە بن، بەڵکوو ڕاهاتوون لەو کاتەدا هەر کەسە و بۆ کار و کەسابەتی خۆی ڕا بکات؛ ئەگەرچی لەم سەردەمەی ئێستاماندا، ئەم کاتە لای زۆرینەی خەڵک بووەتە کاتی خەو.

لێرەدا، ئەو دەرچوون لە ڕۆتینە ڕوو دەدات کە سەرسامی و شادی دەخوڵقێنێت.

هەندێک لە فوقەها دەڵێن: یەکێک لە مەبەستەکانی (سەرفیترە) ئەوەیە کە هەمووان بتوانن بژێوی ئەو ڕۆژەیان دەست بکەوێت، بەبێ ئەوەی ماندوو ببن و بچنە سەر کار.

لێرەدا مرۆڤ هەست بە فەزڵی خودا دەکات و، بۆ کەمێکیش بێت لەو هاوکێشەیەی «کەسابەت و ماندووبوون»ـە دەچێتە دەرەوە؛ ئەو هاوکێشەیەی کە لەژێر سێبەری سەرمایەداریدا ڕەقتر بەسەرماندا سەپێنراوە.

دەڵێن: پیاوێک بەیانییەک بڕیار دەدات نەچێتە سەر کارەکەی کە هەموو ڕۆژێک ئازاری دەدات، بڕیار دەدات نەچێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. هاوسێکەی دەیبینێت لەبەر دەرگای ماڵەکەی دانیشتووە و نەچووەتە سەر کار، بانگی دەکات و لە لای خۆی دایدەنیشێنێت و چایەکی بۆ دادەنێت؛ کابرا دڵی خۆش دەبێت و لە بڕیاری خۆکوشتنەکەی پەشیمان دەبێتەوە. جەژن ڕێک ئەم ئاگربەستەیە کە هەموومان پێویستمانە بۆ ئەوەی هەناسەیەک بدەین و دووبارە گەشە بکەینەوە؛ ئاگربەستێک کە ئیللا دەبێت هەبێت.

پاشان، سوننەتی پیرۆزی پێغەمبەر (ﷺ) دێت و، جوانییەکی تر بۆ ئاوازی جەژن و بۆ نوێژەکە زیاد دەکات. نوێژەکە لە دەشت و چۆڵایی و لەبەر ئاسۆیەکی کراوەدا دەبێت، لە کاتی هەڵاتنی خۆر و هەناسەدانی بەیانی و نمایشی جوانییەکانی گەردوون.

پاشان جوانییەکانی شوێن دێن؛ لە شەقامێکەوە دەڕۆین و لە شەقامێکی ترەوە دەگەڕێینەوە. شەقامەکان دەبنە دەرفەتی ئاشتی، دیدار، ئاشنایەتی و شادی. پەیوەندیمان لەگەڵ شوێن دەگۆڕێت؛ چیتر کورتترین ڕێگامان ناوێت، بەڵکوو درێژترین ڕێگامان دەوێت، تا بتوانین تێیدا سڵاو بکەین و خۆشەویستی و میهرەبانی لەگەڵ زۆرترین کەسدا دابەش بکەین.

ــ عەبدوڵڵا عوسمان

#ئاستانە_Astana

3/23/2026 1:50:16 PM