ڕووت و ڕەجاڵ هاتووم...

ڕووت و ڕەجاڵ هاتووم...

خودایە… خودایە، بەگەورەیت سوێند بێت، گەر مۆڵەتت بدایە هیچ کاتێک نەدەهاتمە مزگەوتەکانەوە، تا ماڵەکانت بە بۆگەنیی من گڵاو نەبێت، گەر ئیزنت بفەرمووایە ئەو زمانەمم ئەبڕی یادی تۆ بکات، تا ناوی پیرۆزی تۆ بەهەناسەی پیسی مندا نەڕوات، گەر ڕێگەت بدایە تا ئەزەل کڕنوشێکم نەدەبرد، هەتاهاتایە ئایەتێکم نەدەخوێند، قورئانێکم نەدەگرت بەدەستمەوە، بەس ڕێگەت بدایە ئەو دڵەم دەرەهێنا خورپەیەک بکات کە بەندەی تۆیە.

ئاخر خودایە، ئاخر خودایە مەگەر تەنها خۆت بزانیت چ شەرمەزارییەکە، چ تەریقییەکە کە بەندایەتم دەدەمە پاڵ خودایەتیت، چ بوێرییەکە، چەندە ڕووقاییمم بە ئامرازایکی پەیوەندی پیسیم دەلکێنم بە بێگەردی زاتی تۆوە، خەجاڵەت من کە بەندەی تۆم، شەرمەزار من، هەش بەسەر من، ئابڕوو چوو من کەبەندەی تۆم.

پەروەرێنم، بیستومە مەلاکان دەڵێن ئاو کە گەیشتە قوللەتەیین ئیتر پیسی چەند تێکەوێ لەپاکێتی ناخات، ئومێدێکم بەوەیە غەفووری من، هیوایەکم بەوەیە کە هەرچەندە گوناهی قێزەونی من تەواوی بوونیشم داگیر دەکات، لە ئۆقیانوسی غوفرانی تۆدا دەرفەتێکی نیە بۆ مانەوە.
عەزیزی من، شاهی خاوەنی هەرە شکۆ، بیستومە کە کلی چاوان هەر ئەو کێوی توورەیە بە نووری خۆت سوتاندوە، دە سا ئەم نەفسی یاخییەش گەورەم هەر کێوی توورێکە، تو حەقی خۆت، بەلوتفی خۆت، یەک تیرێژی نوور ڕووتێکە.

کردگارا، یاری یاد شیرینی من، درۆ ئەکەم گەر بڵێم شوکرانە بژێری نیعمەتەکانی تۆم، ئاخر شوکرانەیی ئەو هەموو گەورەییەی تۆ بە من ناکرێ، خەتام وتووە گەر بڵێم بەندەیەکی تۆبەکارم، تۆبەی شاخێ تاوانم پێ ناکرێ، ببینە خودای لەتیفی من، (بضاعة)ەکەم (مزجاة)ە و بەهەگبەیەکی بەتاڵەوە هاتووم، ڕووت و ڕەجاڵ هاتووم و سەودای دونیایەک تەماشم هەیە.

خودایە لەوەگەڕێ من چەند گەمژەم، بەڵام وەک عەرزوحاڵچییەک بە جانتایەک عەریزەوە هاتووم، هاتوومەتە بەر قاپییەکەت، هاتوومەتە دەرگای ماڵەکەت، هاتووم و دونیایە مامەڵەم هەیە، ئاخر بەڕاستی هەر ئێوە ئەهلی سەودا و مامەڵەن، یا زاتی باقی، لەبازاڕی ئێوەدا هیچ کڕیارێک بەبێ دەستکەوت زەمبیلەی کاڵانی کۆناکاتەوە.

خودایە بوغرام، بوغرام و تاسەی گەورەم هەیە، تاسوقی دیدار و مەیلی ژوانی عەدنم هەیە، ئەوینی بە مەعبود و خولیای جیرانی دۆستانم هەیە. حەزی گوێڕادێران لە شەقەی باڵی فریشتانم هەیە. چاو لەڕێم و شەییدایی کەرنەڤاڵی یارانم هەیە، خودای زەنگینم مەحڕوومم مەکە کە هیچم نیە، ببەخشە کە هەژار کردەم، نالایقم وەلێ کە تۆ خاوەنی کەڕەمیت، قەت هەژار و گەدا لەقاپی ناکاتە دەر خاوەن کەڕەم.

دانـــیـــاڵ ژاکـــاو

#ئاستانە_Astana

3/16/2026 2:20:23 PM