چارەنووسی دۆستەکانی ئەمریکا

چارەنووسی دۆستەکانی ئەمریکا


چەند ڕۆژێکە، وەک هەمووان دەزانن لە ناوچەکە جەنگێکی نوێ دەستی پێ کردووە، بە بیانوو و چەند تایتڵێکی جیاواز کە ئەمریکا هەموو جار هەمان «تاس و حەمام» دووبارە دەکاتەوە لە کاتی هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی نوێ؛ چەکی کۆمەڵکوژ و ئەتۆم و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و هەتا دوایی.


کۆمیدیای دۆخەکە لەوەدایە کە هەر ترەمپ خۆی، چەند مانگێک لەمەوپێش، ئەگەر یەکێک گومانی بخستایەتە سەر ئەوەی کۆگا ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەناوبردووە، «دەستی دەکرد بە چاویدا» و دەیگوت: بە جۆرێک لێمان داون تەسەووری ناکەن! کەچی ئێستا دەڵێت: «ئەو وڵاتە تەنیا هەفتەیەک دوورە لە چەکی ئەتۆمی».


هەرچۆنێک بێت، جەنگ دەستی پێ کردووە و قەرار وایە لە نێوان ئەمریکا و ئێران بێت، بەڵام هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا شتێکی جیاوازتری لێ دەخوێنرێتەوە، کە زۆر بە ڕوونی هانی بەگژداچوونی وڵاتانی عەرەبی و ئێران دەدات.


کە وڵاتانی عەرەبی دەڵێن: «ئێمە ڕێککەوتنمان دەوێت»، ڕاستەوخۆ لە ئەمریکاوە ڕاپۆرتێک بڵاو دەبێتەوە کە «بە تەکلیفی شەخسیی ئەوان و ئیسرائیل، ترەمپ قەناعەتی کردووە شەڕ بکات». لە لایەکی تر، کە دەڵێن: «ناهێڵین خاکی ئێمە بۆ شەڕ بەکار بێت»، ڕاستەوخۆ ئەکاونتەکانی سەر بە پنتاگۆن دیمەنی هێرشەکان بڵاو دەکەنەوە کە لە خاکی ئەوانەوە کراوە. لە کۆتاییشدا ترەمپ دێت و دەڵێت: «عەرەبەکان لە ئێران تووڕەن و دەیانەوێت بەشدار بن لە شەڕەکە، ئەسڵەن ئەوان بەشدار و هاوکارمانن ئێستاش».


ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا تەواوی تەرکیزی هێزە بەرگرییەکانی بۆ ئیسرائیل کۆ کردووەتەوە و، وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبیی فەرامۆش کردووە؛ کە ساڵانێکە بیانووی هەبوونی بنکەکانی ڕۆژئاوا لەم وڵاتانە ئەوەیە کە گوایە دەیەوێت بیانپارێزێت.


بە گشتی، هێڵی گشتیی ڕووداوەکان وا دەڕوات کە ڕۆژئاوا دەیەوێت شەڕێکی هەرێمی لەنێو وڵاتانی ناوچەکە دروست بکات و، خۆی لێی بچێتە دەرەوە، تا هەمووان بگەنە دۆخێکی لاواز.

بۆچی؟ ئایا ئەمە بۆ خزمەتی قەوارەی داگیرکەرە؟


ئارامی مەلا نووری


#ئاستانە_Astana

 

3/6/2026 8:40:03 PM