پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ترەمپ و خاچپەرستێکی جێماو
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ترەمپ و خاچپەرستێکی جێماو
لە دیدگایەکی ئایدیۆلۆژییەوە، (پیت هیگسێس) وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پێی وایە: "ئیسلام ئایینێکی دوژمنکارانەیە و لە هەمان سەردەمی پێغەمبەرایەتییەوە تاوەکوو ئەمڕۆش لە حاڵەتی جەنگدایە لەگەڵ ئەوانەی بڕوایان پێی نییە. هەروەها ئایینێکی هێرشبەرانەیە کە بە زەبری شمشێر بڵاوبووەتەوە و دوژمنەکانی لەبەردەم سێ بژاردەدا دادەنێت: یان قبوڵکردنی ئیسلام، یان پێدانی سەرانە (جزیە)، یاخود شەڕ و جەنگ." جەختیش لەوە دەکاتەوە کە "قورئان ئایەتی دەمارگیرانە و توندوتیژیی لەخۆگرتووە."
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەقە ئایینییەکانی ئیسلام بەربەست و ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینەن، چونکە: "خودِی وشەی ئیسلام، بە مانای ملکەچبوون بۆ خودا دێت؛ هەروەها ملکەچبوون بۆ پەڕتووکی خودا، و تەسلیمبوون بەو سوننەت و فەرموودانەی پێغەمبەر محەمەد (ﷺ) هێناویەتی وەک ئەوەی دەقگەلێکی پارێزراون (المعصومە) لە هەڵە و گومان هەڵناگرن." دەشڵێت: "ئەوەی کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئەوەیە کە ئیسلام تەنیا ئایینێکی سادە نییە، بەڵکو سیستەمێکی حوکمڕانییە کە لەسەر چوارچێوە جیاوازەکانی شەریعەتی ئیسلامی بنیات نراوە و، سیستەمێکی یاسایی، سزادان و شێوازێکی کولتووریی ژیانە. ئەمەش بەو مانایەیە کە چەمکی (ئیسلامیزم) بە گشتی و (ئیسلامی سیاسیی باو) بە تایبەتی، هەرگیز ناتوانن لەگەڵ هیچ جۆرە سیستەمێکی تری حوکمڕانیدا پێکەوەژیانی ئاشتیانەیان هەبێت."
لە ڕوانگەیەکی مێژووییشەوە، هیگسێس پێی وایە: ئیسلام نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دایڕشتووەتەوە، باکووری ئەفریقای کۆنتڕۆڵ کردووە و خەریک بوو گەردەلوولئاسا ماڵماڵێن بە تەواوی ئەوروپا بکات؛ بەڵام جەنگە خاچپەرستییەکان خێرایی پێشڕەوییەکەیان کەمکردەوە، بەتایبەتیش پاش سەرکەوتنی جۆنی سێیەمی سۆبیسکی پاشای پۆڵەندا بەسەر عوسمانییەکاندا، کە کۆتایی بە لێشاو و زەحفی ئیسلام هێنا بەرەو کیشوەری ئەوروپا. هیگسێس بە پێداگرییەوە دەڵێت: "ئەگەر ڤیەننا بکەوتایە، ئەوا مسوڵمانان دەگەیشتنە ڤاتیکان و دەیانکرد بە مزگەوت."
هاوکات لەنێو شرۆڤەکانیدا، دڵەڕاوکێ (مۆتەکە)ی دیمۆگرافی بە زەقی دەردەکەوێت، کاتێک چیرۆکێک دەگێڕێتەوە سەبارەت بە وەرگێڕێکی ئەفغانی کە لەگەڵیدا کاری کردووە بە ناوی 'عیسمەت موسلیم'، کە پێی گوتووە: "ڕۆژێک دێت ئیسلام فەرمانڕەوایەتیی جیهان بکات وەکو چۆن لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا هاتووە؛ چونکە ئێمە دە منداڵ دەخەینەوە، بەڵام ئێوە تەنها یەک منداڵتان دەبێت". هیگسێسیش لەمبارەیەوە لێدوان دەدات و دەڵێت: "مسوڵمانان باوەڕیان وایە کە قەدەری ئیسلام باڵادەستبوونە بەسەر تەواوی جیهاندا و، لە ڕێگەی زۆرکردنی وەچەکانیانەوە بەشداری لەم ئامانجەدا دەکەن."
هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، هۆشداری دەدات لە مەترسیی کۆچبەریی مسوڵمانان و زیادبوونی وەچەکانیان لە ئەوروپا و ئەمریکادا، پشت بە ئامارەکانی (سەنتەری پیو Pew بۆ لێکۆڵینەوە) دەبەستێت، کە ژمارەی مسوڵمانانی ئەوروپا لە ساڵی ١٩٩٠ـدا بە ٣٠ ملیۆن کەس خەمڵێندراوە، پێش ئەوەی بۆ ٤٤ ملیۆن لە ساڵی ٢٠١٠ بەرز ببێتەوە، و پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ٥٨ ملیۆن کەس. وەک نموونەیەکیش باس لە بەریتانیا دەکات و دەڵێت: "بەریتانییەکان لە نێو جەرگەی ماڵەکانی خۆیاندا داگیرکران بێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، تا کار گەیشتە ئەوەی زۆرترین ناوی بەکارهاتوو بۆ کۆرپە تازەلەدایکبووەکان لە ئینگلتەرا ببێتە ناوی 'موحەممەد'. بۆیە لە ماوەی تەنیا یەک نەوەدا -ئەگەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیاسەتدا ڕوونەدات- شانشینی یەکگرتوو نە وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو و نە وەک شانشینێکی ڕۆژئاوایی نامێنێتەوە." وەکوو دەرەنجامێکیش دەڵێت؛ لێبوردەیی و نەرمی نواندن بەرامبەر بە ئیسلامییەکان، مانای تەسلیمبوونە پێیان.
لە ڕوانگەی سەربازیشەوە، ئارگیومێنتی ئەوە دەهێنێتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەر لە سەردەمی پێکدادانە مێژووییەکانیەوە لەگەڵ دەریاوانانی (تەرابلوسی لیبیا) تاوەکو هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، لە جەنگێکی درێژخایەندایە لەگەڵ مسوڵمانان. هەروەها وەک بەڵگە دەقێکی جۆن ئادامز، لەبارەی چەتە دەریاییەکانی تەرابلوسەوە لە سەدەی هەژدەهەمدا دەهێنێتەوە کە گوتوویەتی: "نابێت بە هیچ جۆرێک لەگەڵیاندا بجەنگین، مەگەر ئەوەی سوور بین لەسەر ئەوەی تا هەتایە شەڕیان لەگەڵدا بکەین." پاشان هیگسێس بۆی زیاد دەکات: "(ئادامز) لە تەواوی وتەکانیدا لەسەرحەق بوو؛ ئەوکات ویلایەتە یەکگرتووەکان شەڕی لەگەڵیان کرد و لێی بردنەوە، ئەمرۆش هێشتا ئێمە لە جەنگداین لەگەڵیان".»
ئەحمەد مەولانا
#ئاستانە_Astana