داهاتووی ناوچەکە لە نێوان پیلانی داگیرکەران و قەدەری ئیلاهیدا

داهاتووی ناوچەکە لە نێوان پیلانی داگیرکەران و قەدەری ئیلاهیدا

هەر کەسێک بەدواداچوون بۆ دیمەنە سەربازییەکانی ناوچەکە و ئەو لێدوانە سیاسییانە بکات کە لەگەڵیدان، پێویستی بە قسە و شیکردنەوەی زیاتر نییە بۆ ئەوەی لەو نیەت، مەبەست و ئامانجانە تێ بگات کە لە پشت ئەم دیمەنەوەن.

ئەمڕۆ ئەو قۆناغەی پێشوو کۆتایی هات کە تێیدا دەگوترا: «ناوچەکە دەکوڵێت و لەسەر ساجێکی گەرمە و نیشانەی گۆڕانکارییە گەورەکان دەرکەوتوون... هتد». بەڵام ئەمڕۆ، ئەوەتا هێزە سەربازییە گەورەکان گەیشتوون و، ئەوەتا لێدوانە سیاسییە ڕوونەکان ئەو کارتانە ئاشکرا دەکەن کە لەژێر مێزەکەدا شاردرابوونەوە.

ئەوەی پێشتر وەک «گوتاری پیلانگێڕی» باسی لێوە دەکرا، ئێستا بووەتە ڕاستییەک کە لەبەردەم شاشەکاندا تۆمار دەکرێت و لە هەموو کەناڵەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە -بۆ ئەمەش تەنیا لێدوانەکانی نەتانیاهۆ لە چەند مانگی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ بەسە- کە باس لە دروستکردنی «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ»، هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەی «ئیسرائیلی گەورە»، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی جیهان و، شەڕکردن دژی «ئیسلامی تووندڕەو» لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین لێدوانی تر دەکات.
هەموو ئەمانە لەگەڵ گرژییەکی جیهانی، کە لەوانەیە بەهۆیەوە ئاگری شەڕەکە بۆ دەرەوەی ناوچەکەش بپەڕێتەوە و بازنە جیهانییە فراوانترەکان بگرێتەوە.

باشە، کەواتە ئەو گۆشەیەی کە پێویستە لە ڕێگەیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دیمەنە و وردەکارییەکانیدا بکەین، کامەیە؟
گومانی تێدا نییە کە گۆشەنیگاکان بەپێی شوێنی بینەر، سروشتی بەرپرسیارێتییەکانی و ئەو بازنانەی کاریگەرییان تێدا دروست دەکات، دەگۆڕێن؛ بۆیە لایەنەکانی کارلێککردن و تێڕوانین لە یەک لایەندا کورت نابنەوە.

بەڵام -گۆشەنیگا هەرچۆنێک بێت- پێویستە موسڵمان گرنگی بە لایەنە ئیمانییەکەشی بدات؛ بە شێوەیەک سەیری ئەم دیمەنە نەکات بەبێ بوونی یەقین و باوەڕ بە نەخشە و ڕێکخستنی ئیلاهی و، هێز و توانا و حیکمەت و سوننەتەکانی (یاساکانی) لەنێو دروستکراوەکانیدا.

چونکە ئەوەی ورد بێتەوە لە مێژووی هاوچەرخ و ئەو بڕە زۆرەی ستەم و دەستدرێژییەی کە بە شێوەیەکی گشتگیر ئاراستەی ئیرادەی ئوممەت بە گشتی و ڕەمزە خزمەتگوزارەکان -کە بۆ هەستانەوەی ئوممەت کاریان دەکرد- بەتایبەت کراوە؛ پاشان ئایەتەکانی قورئان وەبیر خۆی بهێنێتەوە سەبارەت بە سوننەتەکانی خودا بەرامبەر ستەمکاران و تاوانباران و بەرپەرچدانەوەی خەڵکی بە یەکتری، و ئەوەی کە ئەمە تەنیا سوننەتێکی تایبەت بە ڕابردوو نییە، بەڵکوو بەردەوام و چەسپاوە؛ پاشان تێڕامێنێت لەو وێنە زۆرانەی لەخۆباییبوون و تووندڕەوی لە ستەمدا کە لەم دواییانەدا لە غەززە ڕووی دا و ئەو ڕووداوانەی پێش و پاش و هاوکاتی بوون... ئەوا بە دڵنیاییەوە گەشبین دەبێت بەوەی کە ئێمە لەبەردەم لاپەڕە قەدەرییەکانی داهاتووداین، کە ڕەنگە خەڵکی تێیدا سەرسوڕهێنەرەکانی قەدەری ئیلاهی ببینن کە هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەهاتووە -والله أعلم-.

ڕەنگە ئەم شەڕە -کە ئەگەر ڕوو بدات، لەوانەیە پشێوی و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ناوچەکەدا بەجێ بهێڵێت کە پێویستی بە ئامادەکارییەکی نائاساییی دەروونی، ئیمانی، کۆمەڵایەتی و چاکسازی هەبێت- بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕەنگە هیچ کەسێک هێندەی ستەمکارە تاوانبارەکان زیانی بەرنەکەوێت؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە «قەوارەی داگیرکەر» خۆی، کە ڕەنگە ئەمە دوا هەڵکشان و لووتبەرزیی بێت کە ببێتە هۆی پاشەکشە و لەناوچوونی بە یارمەتیی خودای گەورە.

ئەم ئیمان و بڕوایەش وا لە مرۆڤ ناکات تەنیا چاوەڕوانی «سوپرایزەکان» بێت و دەست لە کار هەڵگرێت، بەڵکوو بەخشین و ئامادەکاری و کار و تێکۆشانی زیاتری پێ دەبەخشێت. گرنگتر لەوەش، ئەم ئیمانە وا لە خاوەنەکەی دەکات لە هەموو بارودۆخێکدا لە حاڵەتێکی بەردەوامی سەبر و خۆڕاگری و دڵنیاییدا بێت بە یارمەتی و سەرکەوتنی خودا.

﴿وَاللَّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لا يَعْلَمُونَ﴾

ئەحمەد یووسف سەیید

#ئاستانە_Astana

3/1/2026 9:40:12 AM